لە رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێدا کە ئەمڕۆیە، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، خەڵکی کوردستان گەورەترین قوربانیی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێیە. رۆژی 30ی ئابی هەموو ساڵێک، بە رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ ناسێندراوە، کە بە یەکێک لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت، لە دەیان وڵاتدا هاووڵاتیان رووبەڕووی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ بوونەتەوە بەهۆی جیاوازیی سیاسی، نەتەوەیی، نەژادی و هۆکاری دیکە، لە مێژووی هاوچەرخیشدا کوردستان یەکێک بووە لە قوربانییەکانی ئەم تاوانە بە چەندین شێوازی جیاجیا و لە پڕۆسە بەدناوەکەی ئەنفالیشدا گەیشتە لووتکە. د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ گوتی: “كوردستان به گشت پێكهاته ئایینی و نهتهوهییهكانییهوه گهورهترین قوربانی تاوانی بێسهروشوێنكردنی زۆرهملێ بووە ئهمهش خۆی بێسهروشوێنكردنی كورده فهیلییهكان له نێوان ساڵانی 1980-1990 و ئهنفالكردنی ههشت ههزار بارزانی و 182000 كوردی بادینان و گهرمیان، هەروەها لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش، به ههزاران هاووڵاتیی كوردی ئێزدی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بێسهروشوێن كران کە تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان دیار نییە”. لەبارەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ سەلماندنی ئەم تاوانانە، دیندار زێباری گوتیشی: “حکوومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە وەک دوکیۆمێنتکردنی (٤٢٠٦) کەیسی تاوانەکانی داعش دەرهەق بە ئێزیدییەکان بەتایبەتی ئافرەتان لەوانە (١٧٧٨) کەیس کە کاریان تەواو بوو و ئامادە کراوە بۆ ئەوەی پێشکەشی دادگا بکرێن کە (1191) دژی ئافرەتان بووە و (2428) کەیسی دیکە کاریان لەسەر دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە لەڕێگای لیژنەی ئازادکردنی بێسەروشوێنبوانی ئێزدی توانراوە تا رۆژی 1/7/2020 ژمارەیەکی زۆریان ئازاد بکرێت بەم شیوەیە (3530) لەوانە (1199) ئافرەت و (339) پیاو و (1041) کچ و (951) کوڕ رزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەکراون، ژمارەیان (2887) کەسە لەوانە (1308) ئافرەت و (1579) پیاو. زێباری ئەوەشی روون کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کارای هەیە لەو لیژنەیەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵ پێک هێنراوە بۆ زانینی چارەنووسی ئەو کەسانەی لە نێوان ساڵانی (1980) و (2003) بێسەروشوێن کراون لە سەرتاسەری عێراق کە پرۆسەکانی ئەنفالی بارزانییەکان و بادینان و هەڵەبجە دەگرێتەوە، بە مەبەستی پێشکەشکردنی زانیارییەکان بە تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان. زێباری ئاماژەی بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی تاوانەکانی رژێمی بەعس کرد و گوتی: “لە هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت دامەزراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی رژێمی سەدام لە نێوان ساڵانی (1961 تا 2003) بە پشتبەستن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئەم تاوانانە دەگرێتەوە (کوشتن، برینداربوون، راگواستن، شوێنبزرکردن، جینۆساید، تێکدانی ماڵ و گوند و شار، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو) و داوا کراوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق كەسوكاری ئەنفالكراوان و قوربانیانی تیرۆر بەپێی بڕگە دووی ماددی(132)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق قەرەبوو بکاتەوە. رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێكکهوتننامە نیودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ و عێراق پێوهی پابهنده گوتی: “دیاره تا ئێستا ئهو تاوانانهی كه دهرههق به خەڵکی كوردستان ئهنجام دراون، وهكوو پێویست دیکیۆمێنت نهكراون لهلایهن ئۆرگانە نیودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نهتهوه یهكگرتووهكان، بۆ ئهوهی مافی كهسوكاری قوربانیان پارێزراو بێت لە هەمانکاتیشدا میکانیزمی دەوڵەتی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەوە کارا نییە”.
دیندار زێباری: خەڵکی کوردستان گەورەترین قوربانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێیە
