ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند خەرجییەكانی چارەسەركردنی هەر تووشبوویەكی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق دەگاتە 5000 دۆلاری ئەمریكی. د. حازم جومەیلی بریكاری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا دووپاتی كردەوە كە ئەگەر بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا وەكو ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ناچار دەبن بڕیاری خوێندنی ئۆنڵاین بدەن. گوتیشی لەسەر بنەمای دۆخی پەتای كۆرۆنا لە مانگی داهاتوودا بڕیار لەسەر كردنەوە یان نەكردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و زانكۆكان دەدەن. بریكاری وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هەموو ئەو جۆرە دەرمانانەیان لەبەردەستدایە كە تا ئێستا وڵاتان بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاری دێنن، بەڵام ئەم چارەسەرانە بە خۆڕایی نین، بەڵكو خەرجییەكانی چارەسەركردنی هەر تووشبوویەكی كۆرۆنا لە ماوەی هەفتەیەك تا دوو هەفتە زیاتر 5000 دۆلار لەسەر حكوومەت دەكەوێت.