بەشێک لە شەقامی سەرەکیی هەولێر – گوێڕ نۆژەن دەکرێتەوە

بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە٣١/٨/٢٠٢٠ بەشێك لە شەقامی سەرەكیی دەروازەی كۆگاكان لەسەر ڕێگای هەولێر – گوێڕ، بەهۆی نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوكردنی سایدێكی، بۆ ماوەیەك دابخرێت.  لە مبارەیەوە سیامەند كەریم، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەمەبەستی چاككردنەوە و قیڕتاوكردنی بەشێكی شەقامی نزیك دەروازەی كۆمەڵگەی كۆگاكان كە لە شەقامی سەرەکیی هەولێر گوێر پێك دێت،  بە شێوەیەكی كاتی دادەخرێت”. گوتیشی: “لەو شوێنە تەنها سایدێك بەكار دێت بۆ هاتۆچۆكردنی هاووڵاتیان تاكوو كارەكانی قیڕتاوكردنی شەقامەكە كۆتایی دێت، تیمەكان بە شەو و ڕۆژ كاری تێدا دەكەن و پۆلیسی هاتۆچۆش لە شەقامە سەرەكییەکە، سەرقاڵی رێكخستنی رێكارەكانی هاتۆچۆن”. گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر راشی گەیاند: “هاووڵاتیان بۆ هاتۆچۆكردن بۆ رێگای نێوان هەولێر- گوێر، دەتوانن سوود لە سایدەكەی تری ببینن”.