٦٤٪ی هاووڵاتیانی ئیستانبۆڵ دژی پرۆژەیەکی گەورەی ئەردۆغان دەوەستنەوە

پرۆژەی (گەرووی ئیستانبۆڵ) كە بە یەكێك لە پرۆژە هەرە گەورەكانی ئیستانبۆل دادەنرێت و سەرەڕای هەموو دژایەتی و رەخنەیەك، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، بریاری لەبارەی جێبەجێ كردنی دا، بەڵام ئێستا هاووڵاتیانی ئیستانبۆڵ لەبری ئەوەی دڵخۆش بن بەو پرۆژەیە، دژی وەستاونەتەوە. ماڵپەڕی تایبەت بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، راپرسییەكی داناوە و داوای لە هاووڵاتیانی ئیستانبۆڵ كردووە كە بەشداری بكەن و، بۆچوونی خۆیان بڵێن ئایا پشتگیری لە پڕۆژەی (گەرووی ئیستانبۆڵ) دەكەن یان نا؟ ئەنجامی ئەو راپرسییە بەم شێوەیەیە: ٣٤.١٪ پشتگیری لەو پڕۆژەیە دەكەن، لە بەرامبەردا ٦٤.٢٪ دژی ئەو پڕۆژەیە وەستاوەنەتەوە و ١.٧٪ی گوتوویانە بكرێت و نەكرێت لای ئێمەوە وەكوو یەك وایە. لە راپرسییەكەدا، ٦٠٦ هەزار و ٣١٧ كەس بەشدارییان كردووە، كە ئەمە یەكەم راپرسییە بەو شێوە زۆرە هاووڵاتیان بەشداریی تێدا بكەن. هاووڵاتیان هۆكاری ئەوەشیان نووسیوە كە بۆچی پشتگیری لەو پڕۆژەیە ناكەن، بۆ نموونە ١٨.٩٪یان ترسیان هەیە بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە مەترسیی بوومەلەرزە روو لە ئیستانبۆڵ بكات، ١٩٪یش پێیان وایە ئەگەر پڕۆژەی (گەرووی ئیستانبۆڵ) ئەنجام بدرێت، ئەو شارە رووبەڕووی وشكانی دەبێتەوە و ئاوی پاكی نامێنێت. بەشێكیش لە هاووڵاتیان پێیان وایە، كە ئەو پڕۆژەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان نییە، بەڵكوو بەئەنجام گەیاندنی ئەو پڕۆژەیە زەوییەكانی دەورووبەری ئەو پڕۆژە بە پارەیەكی خەیاڵی دەفرۆشرێت و ئەو كەسانە سوودمەند دەبن، كە سەر بە حكوومەتن، هەروەها بازرگانی بە موڵكی ئیستانبۆڵەوە دەكەن. پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی دا، كە پڕۆژەی (گەرووی ئیستانبۆڵ) یەكێكە لە خەیاڵەكانی ئەو و، دەیەوێت هەتا لە ژیاندایە ئەو پڕۆژەیەش بخاتە خزمەتی خەڵك. لە بەرامبەردا ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، دەڵێت پڕۆژەی (گەرووی ئیستانبۆڵ) واتە كوشتنی ئەو شارە و دەبێت رووبەڕووی بوەستینەوە. ژووری ئەندازیاران، هەروەها شارەزایانی بوومەلەزە، ئەردۆغانیان ئاگادار كردەوە، كە ئەو پڕۆژەیە وا دەكات مەترسیی بوومەلەرزە روو لە ئیستانبۆڵ بكات، هەروەها مەترسییە بۆ سەر ئاوی پاك و ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی ئەوەی ئیستانبۆڵ بێ ئاو ببێت. تاكوو ئێستاش یەكێك لە كێشە هەرە سەرەكییەكانی ئیستانبۆڵ نەبوونی ئاوی پاكە، بۆیە٧٠٪ ئاوی پاكی ئەو شارە لەلایەن شارەكانی تری توركیاوە دابین دەكرێت. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە، پڕۆژەی (گەرووی ئیستانبۆڵ) ١٠٠ ملیار لیرەی توركی بۆ تەرخان كراوە و، پڕۆژەكەش بە فەرمی دراوەتە كەرتی تایبەت و ئێستا كاری تێدا دەكرێت، بەڵاك كاركردن بە پەلە نییە و ئەگەر زۆرە بە هۆی پرۆتستۆكردنی هاووڵاتیانی ئیستانبۆڵ، پڕۆژەكە هەڵبوەشێتەوە.