سەرگەڕان.. جووتیارانی كورد لەدژی هەوڵی داگیركردنی زەویوزارەكانیان گرد بوونەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەك لە عەرەبە هاوردەكان بەمەبەستی داگیركردنی زەوی جوتیارانی كورد، هاتوونەتە سنووری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز لە سنووری پارێزگای كەركووك و وەك بەڕێوەبەری شەرعی ناحیەی سەڕەگەڕان ئاماژەی بۆ دەكات و لە بەرامبەردا ژمارەیەك لە دانیشتوانی گوندەكان گرد بوونەتەوە. لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری شەرعیی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ دووشەممە 31/8/2020، دانیشتووانی گوندەكانی ناحیەی سەرگەڕان گرد بوونەوە بۆ ئەوەی رێگە لە عەرەبە هاوردەكان بگرن كە ئێستا هاتوونەتە ناوچەكە و ئەوان هاتوون داوای زەویوزاری كوردەكان دەكەن، ئەمەی كە ئێستا روو دەدات هەمووی بەرهەمی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017یە”. ڕاشی گەیاند: هاتنی عەرەبە هاوردەكان بۆ سنووری سەرگەڕان بەردەوامە و عەرەبەکان دێنەوە سەر زەویوزاری جووتیاران كورد، و بیانوویان ئەوەیە کە لە سەردەمی بەعسدا گرێبەستی كشتوكاڵییان بۆ كراوە و ئێستاش لە دادگا ئەو گرێبەستانە نوێ دەكەنەوە ئیتر ئەو عەرەبانە لە رێگای هێزی سوپا و حەشدی شەعبییەوە دەگەڕێنەوە”. ئەم پرسە لە کاتێکدایە کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ئازادیی عێراق بە بڕیاری فەرمی هەموو ئەو عەرەبە هاوردانە قەرەبوو کراونەتەوە و گەڕێندراونەتە شوێنەکانی خۆیان و لە بەرامبەریشدا كورد لەم سنوورە تاپۆكانیان هی زیاتر لە 100 ساڵ پێش ئێستایە و هی خۆیانە، هەرچەندە لە پەرلەمانی عێراقیش بانگی راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك كراوە بۆ ئەوەی تاكڕەوانە بڕیار نەدات، بەتایبەت سەبارەت بە تەعریب، بەڵام ئەو گوێ نادات و لە كردەوەكانی بەردەوامە.