مەسەدە و حزبێکی سووری رێککەوتنێک واژۆ دەکەن

ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتی (مەسەدە)ی باڵی سیاسیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) و پارتێکی سەر بە رژێمی سووریا، رێککەوتنێک واژۆ دەکەن. رێککەوتنەکە، رێککەوتنی لێکتێگەیشتنە و ئەمڕۆ دووشەممە 31-8-2020 لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لەنێوان مەسەدە و پارتی ئیرادەی میللیی سووریا، لە نێوان ئیلهام ئەحمەدی سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری مەسەدە و قەدری جەمیل، ئەمینداری گشیی پارتی ئیرادەی میللیی سووریا، واژۆ کراوە. بەپێی رێککەوتنەکە، مەسەدە رازی بووە هەسەدە، کە لە رۆژئاوای کوردستان بۆ شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دروست بووە و ئەمریکا پاڵپشتی دەکات، ببێتە بەشێک لە سوپای رژێمی سووریا. خاڵەکانی رێککەوتنەکە: – یەکپارچەیی خاکی سووریا – کێشەی سووریا بە رێگای سیاسی و دانوستاندن چارەسەر دەبێت – دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیموکراتیی دادپەروەر بۆ کێشەی کورد لە سووریا – سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان – سوپای عەرەبیی سووریا سوپایەکی نیشتمانیی گشتیی سووریایە و پێویستە هەسەدە ببێتە بەشێک لەو سوپایە