سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو پرۆژەی گرنگی بەسەر کردەوە

ئەمڕۆ دووشەمە 2020/8/31 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو پڕۆژەی ڕێگەی خێرای هەولێر- دهۆک (گۆپاڵ) و شەقامی 150 مەتریی شاری هەولێری بەسەر کردەوە. سەرۆکی حکوومەت بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە نزیکەوە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی بەسەر کردەوە کە پڕۆژەیەکی ستراتیجییە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی نێوان هەولێر – دهۆک و ئالوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکات و بەپێی ستانداردی ڕێگەوبانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت. بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە (157) مليۆن دۆلارە کە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت. دواتر سەرۆکی حکوومەت قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی شەقامی خێرای (150) مەتریی شاری  هەولێری بەسەر کردەوە کە درێژییەکەی 10 کیلۆمەتر دەبێت و بەشی یەکەمی لە قۆناغی کۆتاییدایە و بودجەی ئەم بەشەی 131 ملیۆن دۆلار دەبێت. سەرۆکی حکوومەت وێڕای دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە ئەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییانە لەلایەن دەست و بازووی ناوخۆیی و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێن. ئاماژەشی بەوە دا کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووریی و باشترکردنی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستانە.