درەنگانی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە سنووری قەزای شارەبان لە پارێزگای دیالە، هێرشیان كردووەتە سەر گوندێك و هاووڵاتییەكیان كووشتووە و یەكێكی دیکەش بریندار بووە. عەدنان محەمەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانیی قەزای شارەبان، ئەمڕۆ سێشەممە 1/9/2020 بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “درەنگانی شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر گوندی “نەسیم” كە دەكەوێتە باشووری شارەبانەوە.” گوتیشی: “لە ئاكامی ئەو هێرشە چەكدارییە كە تەقەیان لە ماڵی هاووڵاتیانی سڤیل کردووە، هاووڵاتییەك گیانی لەدەست داوە و هاووڵاتییەكی دیکەش بریندار بووە.” دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەكان، تیرۆریستانی داعش هەڵاتوون. ئەوە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕۆژئاوای خورماتووش داعش هێرشی كردووەتە سەر هێزەكانی سوپای عێراق و دوو سەرباز بریندار بوون. لەمبارەوە مەهدی حەسەن، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمان بەگ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “پاش كاتژمێر یەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە1/9/202 لە گوندی زنجەلی هێرش كراوەتە سەر هێزەكانی سوپای عێراقی و ئەوەی هەتا ئێستا دەرکەوتووە، دوو سەربازی عێراقی بریندار كراون.” هێزە ئەمنییە عێراقییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دیالە، خورماتوو کەرکووک و خانەقین توانای دابینکردنی ئەمنیەت و سەقامگیریی ناوچەکەیان نییە، بەم هۆیەوە جموجۆڵەکانی داعش ڕوو لە زیادبوونن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
شارەبان.. لە ئەنجامی هێرشی داعش دوو هاووڵاتی بوونە قوربانی
