بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین / هەولێر، دەڵێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ كاریگەرییان لەسەر كەمكردنەوەی قوربانیانی ڕووداوەکانی مین هەبووە و لە هەشت مانگی ڕابردوودا تەنیا دوو حاڵەتی مردن بەهۆی مین تۆمار کراوە. رابەر ئەنوەر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین / هەولێر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەردەوام لە رێگەی تیمەكانمانەوە هاووڵاتیان لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنییەكان هۆشیار دەكرێنەوە، كە خۆیان دوور بگرن لەو ناوچەو شوێنانەی مەترسیی بوونی مین و تەقەمەنیان هەیە، هەروەها بەپێی ئامارەكانمان ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو رووداوەكانی مین و تەقەمەنی لە سنوورەكەمان روو لە كەمبوونەوەن، واتە ئەمساڵ 2020 تەنها (2) رووداوی مین تۆمار كراون، كە بەهۆیەوە دوو كەس گیانیان لەدەست داوە”. گوتیشی: “هۆكاری كەمبوونەوەی رووداوەكانی مین و تەقەمەنی لە ئەمساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چونكە ساڵانە بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا خەڵكانێكی زۆر بۆ گیا بەهارییەكان و گەشت و روویان لە ناوچە شاخاوییەكان دەكرد، لە كاتێكدا لە زۆر شوێن تا ئێستا مین و تەقەمەنیان لێی ماوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ، خەڵكی كەمتر روویان لەم ناوچانە كردووە، ئەوەش كاریگەری هەبووە لەسەر كەمبوونەوەی رووداوەكانی مین”.
دەزگای مین: ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی مین هەبووە
