وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە. ئەمڕۆ سێشەممە 1/9/2020، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، پۆستێکی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: “دەمەوێت پێتان رابگەیەنم کە بەندە وەک ھەر ھاووڵاتییەکی دیکە، تووشی کۆرۆنا بووم و ئەنجامی پشکنینەکەم پۆزەتیڤ بوو، ئێستا ڕەوشی تەندروستیم جێگیرە و لەژێر ڕێنوێنییە تەندروستییەکاندا خۆم کەرەنتین کردووە و ڕێکارە تەندروستییەکان جێبەجێ دەکەم”. ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “داوای لێبوردنیش لە ھەر بەڕێزێک دەکەم کە لەڕێگەی منەوە تووشی ئەم پەتایە ببێت، داواش لەو بەڕێزانە دەکەم کە بەرکەوتەیان لەگەڵم ھەبووە، پشکینی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بنەوە لە تەندروستییان و نەبنە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی کەسوکاریان”. وەزیری خوێندنی باڵا ھیوای تەندروستی و لەشساغی بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان دەخوازێت، ھەروەھا ھیوادارە پارێزراو بن و دوور بن لە ھەموو نەخۆشی و پەتایەک.
وەزیرێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوو
