شاسوار عەبدولواحید، لەگەڵ چەند لایەنێكی عەرەبیی عێراقی ڕێك دەكەون و لەپێناو بەدەستهێنانی چەند تەندەرێكیش بە پشتیوانیی ئەو لایەنانە، هەوڵی پشێوینانەوە لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان دەدەن. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی (باسنیوز) لە سەرچاوەیەكی نزیك لە شاسوار عەبدولواحیدەوە دەستی كەوتووە، ئەو خۆپیشاندانانەی نەوەی نوێ سەرپەرشتییان دەكات و ناوەناوە لە سلێمانی و چەند شارۆچكەیەك ڕێك دەخرێن، بەشێكن لەو پابەندییەی لە ئەنجامی ڕێككەوتنی لەگەڵ چەند لایەنێكی عەرەبیی عێراقی، لەسەر شاسوار عەبدولواحید دروست بوون. سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە لە دوایین سەردانیدا بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی سیاسیی عەرەبیی عێراقی ڕێك كەوتووە لەسەر پشتیوانیكردنی ئەجێنداكانیان لەنێو كوردستان، لە بەرامبەریشدا ئەوان كارئاسانیی بۆ دەكەن لە وەرگرتنی چەند پڕۆژەیەكی گەورە لە شارەكانی بەغدا و بەسڕە. بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، سروە عەبدولواحیدی خوشكی و نزاری برای شاسوار عەبدولواحید لە بەغدا بەچڕی كار لەسەر وەرگرتنی چەند تەندەرێكی گەورە دەكەن بە پشتیوانیی لایەن و كەسایەتییە عەرەبەكانی هاوپەیمانیان. سەرچاوەكە گوتی: ”سەرۆكی گرووپێك، ئامادهیی خۆى نیشان داوه كه ههموو تێچوونى خۆپێشاندانهكانى كوردستان بگرێته ئهستۆ و له ڕێگهى شاسوارهوه پاره بۆ ئهو چالاكییانه خهرج بكات“. لە ماوەی ڕابردوودا شاسوار عەبدولواحید چەند جارێك سەردانی بەغدای كرد، سەرچاوەكەی (باسنیوز) دەڵێت: ”لەم سەردانانەی دواییدا شاسوار عەبدولواحید داوای لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، رێگاى بدات بهشدار بێت له دروستكردنى لیستێكى عێراقیدا بۆ ههڵبژاردنهكانى داهاتوو، بهڵام كازمى بهوه ڕازى نهبووه كه حیساب بۆ شاسوار عەبدولواحید و داواكەی بكات“. بە گوتەی هەمان سەرچاوە، ئامانجی شاسوار عەبدولواحید لەو خۆپیشاندانانەی لەنێو هەرێمی كوردستان ڕێكی دەخات، دروستكردنی جۆرە پشێوییەكە تاوەكوو ههڵوێستى شاندى دانوستانكاری هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە شاندەكانی لایەنی عێراقی لاواز بێت: ”لەم كارەشدا تەنیا شاسوار عەبدولواحید لە گۆڕەپانەكەدا نییە، بەڵكوو چەندان پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا و میدیا و ڕۆژنامەنووسیش بەشدارن، چاوەڕوانیش دەكرێت لە بەرامبەردا هەندێك پۆست بۆ كەسانی نزیكیان دابتاشرێ یانیش پڕۆژەی بازرگانیان پێ بدرێت“. ئەمە لە كاتێكدایە كە شاسوار عەبدولواحید لە نێوخۆی هەرێمی كوردستاندا لە پڕۆژە سیاسی و بازرگانی و میدیاییەكانیدا شكستی هێناوە، حزبەكەی لە هەردوو پەرلەمانی عێراق و كوردستاندا زیاتر لە نیوەی پەرلەمانتارانی لەدەست داوە و چیتر كەسیش نەماوە متمانەیان پێ بكات. كۆمپانیاكانی جگە لە نزیكەی ٧٠ ملیۆن دۆلاری قەرزی حكوومەت، پشك و مافی دارایی زیاتر لە دە هەزار خاوەن پشكی چاڤیلاندیان خواردووە. میدیاكانیشی لە ئەنجامی ئەو سیناریۆ بەردەوامانەی شاسوار عەبدولواحید پێیان دروست دەكات، بوونەتە بێمتمانەترین میدیا لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
شاسوار عەبدولواحید بەرامبەر وەرگرتنی چەند تەندەرێك هەوڵی پشێوی نانەوە لە هەرێمی كوردستان دەدات
