میدیای ئێرانی روونکردنەوە لەبارەی کوژرانی جێگرەوەکەی قاسم سولەیمانی دەدات

میدیای فەرمیی ئێرانی روونکردنەوە لەسەر دەنگۆی کوژرانی فەرماندەی نوێی سوپای قودسی وڵاتەکەی، دەدات. پێشتر دەنگۆی کوژرانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس، کە جێگرەوەی قاسم سولەیمانی بوو، لە میدیا و تۆڕە ۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە. لە دەنگۆیەکە باس لەوە دەکرا، کە ئیسماعیل قائانی لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا، لە شەوی دووشەممە 31-8-2020 کوژراوە. ئاژانسی فەرمیی ئێرانی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و تێیدا دەردەکەوێ ئیسماعیل قائانی سەردانی ماڵی لیوا حوسێن پورجەعفەری، فەرماندەیەکی سوپای پاسداران دەکات، کە لەگەڵ قاسم سولەیمانی کوژرا. جێگرەوەکەی قاسم سولەیمانی لەو گرتەیەدا رایگەیاندووە، بەبۆنەی عاشورا (ساڵیادی گیان لەدەستدانی ئیمام حوسێن، ئیمامی سێیەمی شیعەکان) سەردانی ماڵی لیوا پورجەعفەری کردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەنگۆیەکە درۆیە. قائانی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، وەک فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی دەستنیشان کرا. بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد. بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران. قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.