لە كاتێكدا میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و میدیای لاهوور جەنگی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە گوایە لاهوور لەگەڵ ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا كۆدەبێتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە تەنیا دانیشتنێكی میوانداریكردن بووە و كەمتر لە دە خولەكی خایاندووە. ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی ٩ی ٢٠٢٠، سەركۆماری فەڕەنسا گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكایەتییەكانی عێراق ئەنجام دا و پێشوازییەكی فەرمیی گەرمیشی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد. هەر ئەمڕۆ میدیاكانی لاهوور جەنگی و یەكێتی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە لاهوور بە جیا لەگەڵ ماكرۆن كۆدەبێتەوە و چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن، دوای بەشداریكردنی لاهوور جەنگیش لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا لەگەڵ ماكرۆن، وابڵاویان كردەوە كە گوایە ماكرۆن سوپاسی لاهوور جەنگی كردووە. بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، لاهوور جەنگی لە دانیشتنێكی دیوەخانانەدا لە سەرۆكایەتیی كۆمار لەگەڵ زیاتر لە ١٠ بەرپرسی حزبی، بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح، سەركۆماری عێراق، چاویان بە سەركۆماری فەڕەنسا كەوتووە و بەپێی ئەو وێنانەشی دەركەوتوون، بە ڕوونی دیارە كە سەركۆماری عێراق لاهوور جەنگی بە ماكرۆن دەناسێنێت و لە بەرامبەر شۆكبوونیشی بە بینینی سەرۆكی فەڕەنسا، لاهوور جەنگی پێكەنینێكی دەستكردی زیاد لە پێویست نیشان دەدات. هەر بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حزبی لە عێراق بۆ خۆگەورەنیشاندان و بانگەشەكردن بەوەی گوایە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا حیسابیان بۆ دەكرێت، داوای بینینی ماكرۆنیان كردووە، ئەویش لە بەرامبەردا رازی بووە كەمتر لە ١٠ خولەك كاتیان پێبدات لە هۆڵێكی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بیانبینێت، بەبێ ئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا هیچ گفتوگۆیەكی ئەوتۆ بكرێت. ئەمە لە كاتێكدایە كە میدیای سەر بە لاهوور جەنگی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ كەمكردنەوەی پێگەی دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، هەوڵی بەحزبیكردنی دیدارەكانیان دا و بانگەشەی ئەوەشیان دەكرد كە ماكرۆن لەگەڵ شاندی پارتی و یەكێتی كۆدەبێتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە دیدارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەڕەنسا بدەن. راستیی كۆبوونەوەكە لەم وێنانەدا: بانگەشەی میدیاكانی یەكێتی: