بە گوێرەی دەزگا رۆژنامەوانییەکانی ئەمەریکا، کە لە بەڵگەنامە فەرمییەکانەوە گواستوویانەتەوە، بەرپرسانی تەندروستیی ئەمەریکی داوایان لە حکوومەت کردووە، لە دەسپێکی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کە تەنیا 57 رۆژی ماوە، ئامادەکاریی بکەن بۆ دابەشکردنی پێکوتەی دژ بە نەخۆشیی (کۆڤید-19) بە شێوەیەکی بەرفراوان. رۆژنامەی (وۆل ستریت جۆرنال) لە زاری رۆبێرت ریدفیڵد، بەڕێوەبەری سەنتەری ئەمەریکی بۆ خۆپارێزیی لە نەخۆشییەکان (سی دی سی) لە رێی نامەیەکەوە، کە بۆ حکوومەتی ویلایەتەکانی ناردووە، گواستوویەتییەوە، کە داوای کردووە بەپەلە هەرچیی پێویستە بیکەن، بۆ ئەوەی سەنتەرەکانی دابەشکردنی پێکوتەکە لە 1ی تشرینی دووەمی 2020 ئامادەی دابەشکردنی بن. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا چەند جارێک بەڵێنی داوە، کە بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ پێکوتەکە دابەش بکەن. وا بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا لە رۆژی سێ شەمە 3ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ (دوو رۆژ دوای دابەشکردنی پێکوتەی چاوەڕوانکراو) بکرێ، کە 59ین دەورەی سەرۆکایەتییە لە ئەمەریکا و هەر چوار ساڵ جارێک سەرۆک و جێگرەکەی لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن.