سبەی پەرلەمانی عێراق دەست بە كۆبوونەوەكانی دەكاتەوە

ئەمڕۆ هەینی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند كە سبەی پەرلەمانی عێراق دەست بە كۆبوونەوەكانی دەكاتەوە و لەبارەی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی یەكەمی ئەم خولەی پەرلەمانیشەوە زانیاری بۆ (باسنیوز) ئاشكرا كرد. ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند “سبەی شەممە یەكەم دانیشتنی ساڵی سێیەمی ئەم خولەی پەرلەمان دەست پێدەكات و بەشداری ئەو دانیشتنە دەكەین”. لەبارەی ناوەڕۆكی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەوە، ڤیان سەبری گوتی كۆمەڵێك پڕۆژە یاسا كراوەتە بەرنامەی كار كە سەرەكیترینیان تاوتوێی راپۆرتی لیژنەی یاساییە سەبارەت بە پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەروەها خوێندنەوەی یەكەمە بۆ پرۆژە یاسای هەمواركراوی یاسای دادگای فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2005. ئەوەشی خستەڕوو كە بڕیارە دانیشتنەكانی پەرلەمان بەردەوام بن و رەنگە رۆژانە دوو دانیشتن بكرێ بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ماوەیە بكرێت كە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە نەتواندرا دانیشتن بكەن.