ئەندامێکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند سیستەمى فرەبازنەیى کە لە یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق جێگیرکراوە، لەلایەن زۆرینەى لایەنە شیعى و سونییەکانیشەوە رەخنەى لێگیراوە و بۆ هەموارکردنەوەشى ژمارەیەکى زۆر واژوو کۆکراوەتەوە. د.خالیدە خەلیل. ئەندامى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق بە(باسنیوز)ى راگەیاند: ” یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە پشت بە سیستەمى فرەبازنەیى دەبەستێت، کەموکوڕى زۆرى تێدایە و گلەیى زۆرى لایەنە شیعى و سونییەکانیشى لێکەوتۆتەوە، بەڵام کاتى خۆى لە ژێر فشارى شەقام و بە ئامانجى رازیکردنى ئەو هاووڵاتیانەى نارازى بوون یاساکە پەسەندکرا، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى یاساکە کرچ و کاڵ دەربچێت”. راشیگەیاند: “ یاساى فرەبازنەیى زیانى بۆ زۆرینەى پێکهاتە و فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى عێراق هەیە، بۆیە ئێستا ١٢٠ پەرلەمانتار واژوویان کۆکردۆتەوە بۆ هەموارکردنەوەى یاساکە، بەڵام سەرۆکى پەرلەمان دەڵێ مادام یاساکە دەنگى لەسەردراوە و تێپەڕیوە ئێستا نابێ هەموار بکرێ بەڵکو تەنیا گفتوگۆ لەسەر شێوازى بازنەکان دەکەین”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” ئەگەر یاساى هەڵبژاردن هەموارنەکرێتەوە و بەشێوەى ئێستا هەر پارێزگایەک چەند باونەیەک بێت، ئەوا زیانى زۆر بەکورد دەگات بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، چونکە دەنگى کورد پەرت دەبێت و ناتواندرێت هیچ کورسییەک لەو ناوچانە بەدەست بهێندرێت، بۆمشێوەیە نەک تەنیا کورد زۆربەى لایەنەکان زیان دەکەن بۆیە زۆرینەیان ناڕازین و داواى هەموارکردنەوەى یاساکە دەکەن”.
پەرلەمانتارێکی کورد: بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق واژووی ١٢٠ پەرلەمانتار کۆکراوەتەوە
