لە خانەقین بەهۆی هێرشی داعشەوە فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی كوژرا

تیرۆریستانی داعش لە دوو ناوچەی سنووری قەزای خانەقین پەلاماری سوپا و میلیشیا شیعەكانیان داوە بەو هۆیەوە فەرماندەیەكی باڵای حەشدی شەعبی كوژراوە. لەمبارەوە عەلی حەیدەر، ئەفسەری هەواڵگری لە پۆلیسی دیالە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 7/9/2020 تیرۆریستانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە لەوانە لە سنووری “باوەمەحموود” نزیك لە قەزای خانەقین و لە ناوچەی “شێح باوە”ی نزیك لە ناحیەی گوڵاڵە هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و حوسێن ڕەزاق فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی کوژراوە.” گوتیشی: “هاوكات قەناس بەدەستانی داعش لە گوندی “قوڵایی” لە نێوان خانەقین و گوڵاڵەش بە هەمان شێوە تیرۆریستانی داعش تا بەربەیانی ئەمڕۆ دووشەممە سوپا و حەشدی شەعبیان كردووەتە ئامانج.” عەلی حەیدەر راشی گەیاند: ” لەناو داعشیش كوژراو هەبووە، بەڵام ژمارەیان نەزانراوە، هاوكات حوسێن رەزاق یەكێك لە فەرماندەكانی لیوای 28ی حەشدی شەعبی كوژراوە.”