ئەنجوومەنی عەشیرەتە عەرەبییەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان دەکات

ئەنجوومەنی عەشیرەتە عەرەبییەکان لە عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان لە وڵاتەکەیدا دەکات. ماڵپەڕی (ئەلعەرەبییە) لە زاری شێخ سائیر ئەلبەیاتی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی عەشیرەتە عەرەبییەکان لە عێراق، بڵاوی کردووەتەوە، کە میلیشیاکان بەرپرسن لە ناسەقامگیری و هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەکان. شێخ سائیر ئەلبەیاتی هەروەها رایگەیاندووە، کە چەکی میلیشیاکان گەورەترین مەترسییە لەسەر عێراق و داوا دەکات ئەو میلیشیایانە چەک بکرێن و هەڵبوەشێندرێنەوە. لەبارەی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سەندنەوەی چەک لە چەکداران، ئەو شێخە عەرەبە رایگەیاندووە، چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بریتییە لە چەکی میلیشیاکان و باشترە حکوومەت ئەوان چەک بکات. دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لەساڵی 2014، زیاتر لە 60 میلیشیا لە عێراق لەژێر ناوی حەشدی شەعبی یەکیان گرت.