پەرلەمانتارێکی کورد-ی پەرلەمانی عێراق سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و سەبارەت بە خەرجنەکردنی پارەی سێ ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستە دەکات. مەیادە نەجار، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی (٢٠١٦،٢٠١٥،٢٠١٤) تا ئێستا خەرج نەکراوە بۆ ئەم مەبەستە وەک ئەندامێکی لیژنەی دارایی سەردانی نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقم کرد”. گوتیشی: “لە نووسینگەی کازمی نووسراوێک ئاراستەی وەزیری بارزگانی کرابوو بە ژمارە ٤٧ بەڵام جێبەجێ نەکراوە و لە سەردەمی دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی بووە”. ڕاشیگەیاند: “بە سەرۆکوەزیرانی عێراقم راگەیاند کە ئەگەر ھاتوو شایستە داراییەکانی ھەر سێ ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکرێت کە بڕەکەی (٥٥٧,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینارە ، ئەوا سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین”.