چەکدارانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی ئەبها لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە. عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لەهەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی ئەبها لە باشووری رۆژئاوای سعودیە. هێرشەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 8-9-2020 کراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە و هەروەک عەمید یەحیا سەریع رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەوە، فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەکار وەستاوە. حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.