ترەمپ وەزیرێکی کاریگەری وڵاتەکەی لەکار دوور دەخاتەوە

سەرۆکی ئەمریکا بە نیازە وەزیرێکی کاریگەری وڵاتەکەی، لە کارەکەی دوور بخاتەوە. کەناڵی (NBC)ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەکانی بڵاوی کردووەتەوە، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە کاری مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی رازی نییە. ئەو سەرچاوانە هەروەها رایانگەیاندووە، کە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ رۆبێرت ویلکی، وەزیری کاروباری جەنگاوەرە دێرینەکانی وڵاتەکەی لە شوێنی مارک ئیسپەر، بکاتە وەزیری بەرگری. هەروەک کەناڵە ئەمریکییەکە بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ بۆ ئەو مەبەستە لە مانگی رابردوودا قسەی لەگەڵ رۆبێرت ویلکی کردووە، بەڵام تا دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، زەحمەتە بتوانێ وەزیری بەرگری لەکارەکەی دوور بخاتەوە. بڕیارە رۆژی 3-11-2020، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە بچێت و تێیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستا، بە نوێنەرایەتیی کۆماریخوازەکان، رکابەریی جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان دەکات.