سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە هەماهەنگیی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، هۆکاری سەرکەوتن بوو بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش. کاتژمێر10ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-9-2020، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای عێراق و بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە هەولێر. دوای گەیشتنی بە هەولێر، مستەفا کازمی سەردانی بارەگای بارزانی کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، کۆبووەوە. نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەرکردووە و تێیدا رایگەیاندووە، لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، کراوە. نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەش داوە، کە لەکۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هەماهەنگیی بەرزی هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هۆکاری سەرکەوتن بوو بەسەر داعش. هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، مستەفا کازمی رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکیی عێراقە و دانوستاندن و گفتوگۆی هەردولا لەسەر بنەمای دەستوور، داهاتووێکی گەش و سەقامگیر بۆ عێراق فەراهەم دەکات.