بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ: تا ئێستا گومانبار بە کوشتنی دوو خوشکەکە نەگیراوە

دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕووداوی کوشتنی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ کە باس لەوە دەکرێ لەلایەن باوکیانەوە کوژرابن، دوایین زانیاری سەبارەت بە ڕووداوەکە و هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوە تۆمەتبار دەخەنە ڕوو، لای خۆشیەوە چالاکوانێکی مافەکانی ژنان دەڵێ ترسمان هەیە کە ئەو بابەتەش وەک چەندین بابەتی دیکە دیزەبەدەرخۆنە بکرێ. محەمەد عەبدی، بەڕێوبەری پۆلیس چەمچەماڵ بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند: “ئەو باوکەی کە تۆمەتبارە بە کوشتنی ھەر دوو کچەکەی تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە و ھێزەکانی پۆلیس بەردەوامن لە گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی باوکی دوو کچە کوژراوەکە”. گوتیشی،: “ھەرچەندە تاوەکوو ئێستا تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان گومانێکی زۆر دەکرێت باوکی دوو کچەکە دەستی لە ڕووداوەکەدا ھەبێت، بەڵام بە ھۆکاری ئەوەی باوکەکە ھەڵھاتووە، ناتوانین ھیچ قسەیەکی یەکلاکەرەوە لەسەر هۆکاری ڕووداوەکە بکەین”. بەڕێوبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ئاماژەی بە ئەوەش کرد، کەیسەکە ڕەوانەی دادگا کراوە و ھێزەکانی پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ھۆکاری ڕووداوەکە و ھەوڵێکی چڕ و پڕ لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە دەستی پێکردووە بۆ دۆزینەوەی باوکی دوو کچە کوژراوەکە. لای خۆیەوە مقەدەم ھیوا کەریم، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربووناوەی توندوتیژی دژی ژنان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەوەی پەیوەندیی بە ڕووداوی کوشتنەکەوە ھەبێت، ناتوانین ھیچ قسەیەکی لەبارەوە بکەین، چونکە ئەو کەیسە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و تاوەکوو ئێستا بەرچاومان ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە ھەیە ئەو دوو کچە پێشتر بەھۆی مامەڵەی خراپی باوکیانەوە ماڵەوەیان بەجێھێشتووە و لە شەڵتەری ژنان ماونەتەوە”. ئەوەشی خستە روو: ”ئەو دوو کچە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ئەمساڵدا بەھۆی مامەڵەی خراپی باوکیانەوە ماڵەوەی خۆیان بەجێھێشتووە و لە شەڵتەرێکی ژنان ماونەتەوە بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزا بێت، بەڵام دواتر دوو کچەکە تەنازولیان بۆ باوکیان کردووە و بە بڕیاری دادوەر گەڕاونەتەوە بۆ ماڵی خۆیان، دواتر بەڵێننامە بە باوکیان پڕ کراوەتەوە بۆ ئەوەی ڕوبەڕووی ھیچ حاڵەتێکی نەخوازراو نەبنەوە، بەڵام بەداخەوە دوێنێ تەرمەکانیان لە گۆڕستانێکی کۆنی گوندی براھیم ئاغا لە قەزای چەمچەماڵ دۆزرانەوە”. لەلایەکی دیکەوە سەرگوڵ ئەحمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە و ئێمەی چالاکوانی مافەکانی ژنان لەڕێگەی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەردەوامین لەسەر ئەوەی کوشتن و پێشێلکاری بەرامبەر بە ژنان کەم بکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە نە کۆمەڵگە گوێ بۆ داواکارییەکانمان دەگرێت نە لایەنی پەیوەندیدار ئامادەیە ئەو پێشێلکاریانە بەرامبەر بە ژنان کەم بکاتەوە”. گوتیشی: “کوشتنی دوو کچەکەی شارۆچکەی چەمچەماڵ لەلایەن باوکیانەوە تاوانێکی ئێجگار گەورەیە و پێویستە باوکی دوو کچەکە بە زووترین کات دەستگیر بکرێن و توندترین سزا بدرێن”. سەرگوڵ ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: “ھەرچەندە ھۆکاری کوشتنی ئەو دوو کچە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام ترسی ئەوەمان ھەیە باوکی دوو کچە کوژراوەکە وەک کەیسەکانی دیکەی کوشتنی ژنان دیزەبەدەرخۆنە بکرێت، بۆیە ئێمە ئەو کەیسە بە کەیسێکی گشتی دادەنێین و ھیچ کات ڕێگە نادەین کەیسی بکوژی ئەو دوو کچە لە بەرژەوەندیی بکوژدا دابخرێت، چونکە ئەو دوو کچە زوڵمیان لێ کراە و پێویستە دوای یەکلابوونەوە، دادگا توندترین سزای بکوژ بدات”.