سەرکردەیەکی عێراقی حەشدی شەعبی و داعش وەک یەک هەژمار دەکات

سەرکردەیەکی عێراقی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و رێکخراوی تیرۆریستی داعش وەک یەک هەژمار دەکات. جەمال کەربولی، سەرۆکی پارتی حەلی عێراقی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، (با) هەڵدەکات و نامێنێت، بەڵام خاک دەمێنێتەوە، ”عێراق دەمێنێتەوە“. جەمال کەربولی، کە خاوەنی کەناڵی (دیجلە)ی سووتێندراوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، هەروەها رایگەیاندووە،  نەبوونی دەوڵەت لە عێراق و میلیشیاکان (حەشدی شەعبی) و رێکخراوە تیرۆریستییەکان و داعش، وەک چۆن سەریان هەڵدا، ئاواش رۆژێک دێ نامێنن. شەوی دووشەممە 31-8-2020، ژمارەیەک کەسی توندڕەو کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (دیجلە)یان لە ناوچەی جادرییەی بەغدا سووتاند و وێنەیەکی ژمارەیەک کارمەندی ئەمنیش لە نزیک شوێنی کەناڵەکە گیراوە و تێیدا دەردەکەوێت، بە سووتاندنی کەناڵەکە دڵخۆشن. جەمال کەربولی ئەوکات رایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بە سەیرکردنی سووتانی کەناڵەکە دڵخۆش بوون و رێگایان بە پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە نەدەدا ئاگرەکە بکوژێننەوە و گوتویەتی، ”لە عێراق، دەوڵەت نییە“. هەر لە هەمان رۆژدا، دادگای رەسافە لە بەغدا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەکی گۆرانی و هەڵپەڕکێ لە شەوی عاشورا لە کەناڵی دیجلە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ جەمال کەربولی دەرکرد. کەناڵی دیجلەیە بە سووکایەتیکردن بە هەستی شیعەکان، کە لە یادی عاشورادا گۆرانی پەخش کردووە، تۆمەتبار دەکرێت. عاشورا (10ـی مانگی موحەرەمی ساڵی کۆچی)، لە لایە شیعەکان رۆژی ماتەمە، بەهۆی ئەوەی ئیمام حوسێن، ئیمامی سێیمی شیعەکان لەو رۆژەدا گیانی لەدەست داوە.