ئەندامێکی لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا، زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی رادەگەیەندرێت. عەبد عەون عەبادی، ئەندامی لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، خەڵکێکی زۆر، کە تووشی پەتای کۆرۆنا دەبن، سەردانی بنکە و نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا ناکەن. عەبد عەون عەبادی هەروەها رایگەیاند، ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا، کە سەردانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا ناکەن، لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتین دەکەن و سەردانی پزیشکی تایبەت دەکەن، بۆیە لە داتاکانی وەزارەتی تەندروستی تۆمار ناکرێن. ئەو ئەندامەی لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ژمارەیەی تووشبووان، کە رۆژانە وەزارەتی تەندروستی ئاشکرایان دەکات، راست نین، ”ژمارەی راستەقینەی تووشبووان دوو هێندە و بگرە زیاتریشن“. تا ئێستا 290 هەزار و 309 کەس لە عێراق تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، هەشت هەزار و 14 کەس گیانیان لەدەست داوە.