حكوومەتی عێراق: كورتهێنانێكی گەورەمان لە بودجەی ئەم سێ مانگەدا هەیە

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە حكوومەتی عێراق رایگەیاند كورتهێنانێكی گەورەیان لە بودجەی ئەم سێ مانگەی كۆتایی ساڵدا هەیە، لە هەمان كاتیشدا دڵنیایی بە فەرمانبەران و خانەنشینان دا لە دابینكردنی مووچەكانی سێ مانگی داهاتوو. ئەحمەد مەلا تەڵاڵ گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا كە كورتهێنانێكی گەورەیان لەم بودجەیەدا هەیە كە بۆ ئەم سێ مانگەی كۆتایی ساڵ ئامادە كراوە. لە هەمان كاتیشدا مووچەخۆرانی وڵاتەكەی دڵنیا كردەوە و رایگەیاند كە لە بودجەی ئەم ماوەیەی كۆتایی ساڵی 2020دا، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابین كراوە. مەلا تەڵاڵ لەبارەی هەنگاوەكانی حكوومەتی كاتیی عێراق بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، ئاماژەی بەوە دا كە بەم زووانە گوێبیستی لادان و لێپرسینەوە لەگەڵ كەسانی ناودار دەبن و لەبەرچاوی خەڵكی عێراقیش لەسەر كەیسەكانی گەندەڵی ڕەوانەی دادگا دەكرێن. هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیشەوە، دووپاتی كردەوە كە حكوومەتەكەی مستەفا كازمی سوورە لەسەر ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.