گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی خورماتوو ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لە ڕێگای نێوان خورماتوو-داقووق حەفت ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە. زەنون بەرزنجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی خورماتوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ دووشەممە 14/9/2020 لە ڕێگای نێوان خورماتوو-داقووق حەفت ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە لە ئەنجامدا ١٠ کەس بوونەتە قوربانی”. گوتیشی: “یەكێك لە رووداوەكانی هاتوچۆ پێكدادان بوو لە نێوان ئۆتۆمبێلێكی هیوندای نەفەرهەڵگر و ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر كە لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا سێ كەس گیانیان لەدەست داوە”. گوتەبێژەكەی هاتوچۆی خورماتوو، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەمڕۆ زیارەتكارانی شیعە مەزهەب لە خورماتووەوە بەپێ دەرۆیشتن بۆ مەزارگای ئیمام زەینولعابدین لە قەزای داقووق و ئاراستەیەكی رێگاکە كە كەركووك بە بەغدا دەبەستێتەوە تەرخان كرابوو بۆ ئەوان و ئەو رێگایە تا كەركوكیش ئەمڕۆ ئۆتۆمبێل لە یەك سایدەوە هاتوچۆیان كردووە.