بە ئامادەبوونی 700 میوان رێککەوتنە مێژووییەکە لە کۆشکی سپی واژۆ دەکرێ

رۆژی سێشەمە، کۆشکی سپی رووداوێکی مێژوویی بەخۆوە دەبینێ، بە واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات لەلایەک، لەهەمان کات و ساتدا رێککەوتننامەی راگەیاندنی پشتگیریی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل لەنێوان مەنامە و تەل ئەبیب، بە بەرچاوی ژمارەیەکی زۆر لە میوان لە سەرانسەری جیهاندا. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، میوانداریی زیاتر لە 700 کەس لە باخی باشووری کۆشی سپیدا دەکات، بۆ ئەوەی واژۆی رێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە رێککەوتننامەی راگەیاندنی پشتگیریی ئاشتی لەنێوان بەحرین و ئیسرئیل لە یەک کاتدا ببینن. بڕیار وایە شێخ عەبدوڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەبەرامبەر ژمارەیەکی زۆر لە دیبلۆماتکارەکانی چەندین وڵات، رێککەوتننامەکە واژۆ بکەن. شاندی ئیمارات بۆ واشنتن، وەزیری ئابووری، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دارایی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری هاوکاریی نێودەوڵەتی، هەروەها وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لەخۆ دەگرێ. هەرچی شاندی ئیسرائیلە، یوسی کۆهین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و موئیر کوڕی شبات، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لەخۆ دەگرێ. بەحرێنیش بە عەبدولڵەتیف ئەلزیانی، وەزیری دەرەوەی، بەشداریی لە واژۆکردنی راگەیاندنی ئاشتیدا دەکات، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی گەیشتن بە رێککەوتن. پێشتر کۆشی سپی واژۆکردنی رێککەوتننامەکانی ئاشتی بەخۆوە دیوە، بەڵام ئەمە جاری یەکەمە، کە میوانداریی لە واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەدا دەکا لە یەک کاتدا. جارید کۆشنێر، گەورە راوێژکاری سەرۆک ترامپ گوتی: “ئەم رێککەوتننامانە دەسکەوتی گەورەن بۆ وڵاتە پەیوەنددارەکان و بووەتە هۆی هەستێکی زۆر بە هیوا و گەشبینی لە ناوچەکەدا”. گوتیشی: “لەجیاتی ئەوەی چاوەکان هەر لەسەر ناکۆکییەکانی رابردوو بن، گەلان ئێستا چاویان لە دروستکردنی ئایندە و ژیانێکی پڕ لە توانا ناکۆتاییەکانە”. چاوەڕوان دەکرێ رێوڕەسمی واژۆکردنەکە بە ئامادەبوونێکی گەورەی راگەیاندن بێ و بە فراوانی بگوازرێتەوە، بەوپێیەی ئەمە یەکەم رێککەوتننامەیە لە ماوەی 25  ساڵدا، رەنگدانەوەی گەورەشی دەبێ بەسەر  پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.