دەست بە پڕۆژەی دوو سایدی ڕانیە – دووکان دەکرێتەوە

بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد داواکاری دەستپێکردنەوەی ڕێگای دوو سایدی (ڕانیە- دووکان)دراوەتە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت پڕۆژەکە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست پێدەکاتەوە. بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ڕاپەڕین بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لەماوەی ڕابردوودا بەھۆی سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی دارایی کارکردن لە ڕێگای دوو سایدی ڕانیە – دووکان وەستا و ئێستا کە بارودۆخەکە خەریکە ئاسایی ببێتەوە دەمانەوێت دەست بە کارکردن لە پڕۆژەکە بکەینەوە”. گوتیشی: “بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە داوامان لێکراوە کە پێویستی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکەیان بۆ ببنێرن بۆ ئەوەی بەشێکی دیکەی تەواو بکەن”. لای خۆیەوە ڕەسوڵ عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانمان کرد و دۆخی خراپی ڕێگای نێوان ڕانیە – دووکان و گلەیی  خەڵکمان لەو ڕێگایە پێگەیاند و  وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێی ڕاگەیاندین کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە کارکردن لە پڕۆژەکە دەکرێتەوە”.