لێدوانی توندی بەرپرسانی واشنتۆن و تاران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی ئەمریکا سکاڵا تۆمار بکات. پاش بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵ و ڕاپۆرت لەبارەی هەوڵی ئێران بۆ تیرۆری باڵوێزی ئەمریکا لە ئەفریقای باشوور، دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا بە توندی هەڕەشەی لە ئێران کرد کە لە بەرانبەر هەر هێرشێکی ئێراندا وەڵامێکی توندیان دەبێت کە هەزار بەرانبەری هێرشەکەی ئەوان بێت، کە ئەم هەڕەشەیەی دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی ئێرانی لێ کەوتەوە. لەمبارەوە میدیا ئێرانی و جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، مەجید تەخت ڕەوانچی نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی سکاڵای لە ئەمریکا کردووە و ناڕەزایی و نیگەرانیی وڵاتەکەی لە هەڕەشەکانی ئەم دوایەی سەرکۆماری ئەمریکا دەربڕیوە. لە نامەکەی نوێنەری ئێراندا بە پشتبەستن بە دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان کە تێیدا هەڕەشە یان کەڵکوەرگرتن لە زۆر ڕاشکاوانە بە نایاسایی و قەدەغە ڕاگەیەندراوە، جەخت کراوەتەوە هەڕەشەکانی ئەم دوایەی دۆناڵد ترەمپ لەدژی ئێران، پێشێلکاریی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پڕەنسیپی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەم هەڕەشە و لێدوانە توندانەی بەرپرسانی باڵای ئێران و ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای ئەوە هاتوونەتە گۆڕێ کە ئەمریکا ڕای گەیاند بەپێی چەندین بەڵگە و ڕاپۆرتی هەواڵگری ئێران بەتەما بووە لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران، باڵوێزی ئەو وڵاتە لە ئەفریقای باشوور تیرۆر بکات. لە بەرانبەردا ئێرانیش ئەو زانیارییانەی ڕەت کردەوە و ئاشکرای کرد دوورن لە ڕاستییەوە.
ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لەدژی ئەمریکا تۆمار کرد
