بەغدا… دوو هێرش كرایە سەر كاروانی هێزەكانی هاوپەیمانان

ئەمشەوی پێنجشەممە دوو هێرش كرایە سەر دوو كاروانی سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانی شەڕی دژی داعش لە دەوروبەری بەغدای پایتەختی فیدراڵی. شانەی راگەیاندنی ئاسایشی عێراق هەواڵی دوو هێرشەكەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند لە ڕێگەی دوو بۆمبی چێندراوەوە هێرش كراوەتە سەر كاروانە سەربازییەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان لە دەوروبەری بەغدا. یەكێك لە بۆمبە چێندراوەكان لە ناوچەی ڵەتیفیە و ئەوی تریش لە ناوچەی ئەبو غرێب بە كاروانە سەربازییەكاندا تەقیونەتەوە، جگە لە زیانی مادی، زیانی ژیانییان لێ نەكەوتووەتەوە. جێی باسە ماتیۆ تۆلەر باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق لەبارەی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان و باڵوێزخانەكەیان لە بەغدا، رایگەیاندبوو كە ئامانجی ئەو هێرشانە شكاندنی سەروەری و شكۆی دەسەڵاتی عێراقە.