خۆپیشاندەرانی شاری ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقار پردەکانی شارەکەیان دادەخەن و هەڕەشەی ئاڵۆزترکردنی بارودۆخی شارەکەیان دەکەن. درەنگانی شەوی شەممە 19-9-2020، چەکدارانی نەناسراو چالاکوان و سەرپەرشتیارێکی خۆپیشاندانەکانی ناسریەیان بەناوی سەجاد ئەلعێراقی رفاند و چالاکوانێکی دیکەشیان بە ناوی باسم فلەیح، بە گوللە بریندار کرد. دوای رفاندن و بریندارکردنی ئەو دوو چالاکوانە، هاووڵاتییانەی ناسریە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و داوای دۆزینەوەی چالاکوانە رفێندراوەکەیان لە دەزگا ئەمنییەکان کرد. خۆپیشاندەران پردەکانی نەسر، زەیتون و حەزاراتیان لە شارەکە داخست و ئاگریان لەسەر ئەو پردانە کردەوە و هەڕەشەی فراوانکردنی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانیان کرد، ئەگەر رفێنەران دەستگیر نەکرێن و سەجاد ئازاد نەکرێ. بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، دەیان گرووپ و میلیشیای تیرۆریستی، تائیفی و توندڕەو لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بڵاو بوونەتەوە. ئەو گرووپ و میلیشیایانە بەردەوام کردەی تیرۆریستی و تاوانکاری بۆ بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەی کاریان بۆ دەکەن، ئەنجام دەدەن.