زیاتر لە 100 خێزانی عەرەب گەڕانەوە بۆ ناو سێ گوندی سەر بە قەزای داقووق لە سنووری پارێزگای كەركووك. هیوا ڕەشید، بەرپرسی ناوچەی داقووقی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 20/9/2020، زیاتر لە 100 خێزانی عەرەب گەڕانەوە بۆ گوندەكانی عەتشانە و عەزیزیە و ساڵحییەی سەر بە قەزای داقووق”. گوتیشی: “ئەو گوندانە پێشتر لەلایەن داعشەوە خاپور كرابوون و ئێستاش ئەو عەرەبانە گەڕانەوە بۆ ناو ئەو گوندانە”. قەزای داقووق، بە دووری 30 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری شاری كەركووك و لەسەر ڕێگای نێوان كەركووك-بەغدایە و ناوەندی قەزاكە لە كورد و عەرەب و توركمانی شیعە پێكدێت و تەنیا یەك گوندی توركماننشین بە ناوی (زەینئەلعابدین) و چەند گوندێكی عەرەبنشین لە ناوچەكە هەیە، زۆرینەی گوندەكان گوندی كوردانن و گوندەكانیش زیاتر دابەشی سەر سێ ناوچە بوونە وەك ناوچەكانی هەفتەغار و كاكەییەكان و تاڵەبان، ئەو گوندانەش هاوسنوورن لەگەڵ سنووری قەزای حەویجە كە ئێستا بەشێك لەو گوندانەی سنووری حەویجە بەدەست داعشەوەیەوە شەوانە لەوێوە دزە دەكەنە ناو گوندە كوردییەكانی داقووق و كردەوەی توندوتیژی لە دژی خەڵك ئەنجام دەدەن.