ئەمڕۆ دووشەممە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێوڕەسمی چلەمین ساڵڕۆژی دەسپێکی شەڕی ئێران و عێراقدا گوتی “ئەو جەنگە ئەقڵانی ترین ڕووداوی مێژوویی ئێمە بوو”. عەلی خامنەیی کە لەڕێگەی ڤیدیۆوە بۆ کۆمەڵێک لە هێزە سەربازییەکانی ئێران قسەی دەکرد، گوتی: “بە باوەڕی من جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە سەرەتاوە تا کۆتایی، یەکێک لە دیاردە گونجاو و ئەقڵانی ترین هەڵوێستەکانی ئێران بووە”. ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران قبووڵکردنی بڕیاری ئاگربەست و بڕیارنامەی 598ی ئەنجوومەنی ئاسایش لەلایەن ئایەتوڵا خومەینییەوە کە بە (جامی ژەهر) ناودێر کرابوو، بە کارێکی ئەقڵانی ناو برد. شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە سەردەمی حکوومەتی ڕووخاوی بەعسدا کە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر و لە ٢١ی ٩ی ١٩٨٠ دەستی پێ کرد و پاش هەشت ساڵ شەڕی قورس و کوژرانی هەزاران هێزی سەربازیی یەکتر و هاووڵاتیی سڤیل و داگیرکردنی چەندین شاری ئێران لەلایەن سوپای ئەوکاتی عێراق و خەسار و زایانێکی زۆری مادی و ئینسانی، ساڵی ١٩٨٨ بە قەبوڵکردنی ئاگربەستی ٥٩٨ی ئەنجوومەنی ئاسایش کۆتایی پێ هات.
ڕێبەری ئێران شەڕی عێراق و ئێران بە بڕیارێکی ئەقڵانی لەقەڵەم دەدات
