مامۆستایەکی زانکۆ: پەیامەكەی مەسرور بارزانی سەلماندی كوردانی ناوچە كوردستانییەكان تەنیا نین

مامۆستایه‌كی زانسته‌ سیاسییه‌كانی زانکۆی سەڵاحەدین باس لە پەیامەکەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت دەكاتەوە كە پەیامەكە سەلماندی كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان تەنیا نین و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانییان دەكات. ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ٩ی ٢٠٢٠، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا رای گەیاند: ”بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێریی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە. ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چارەنووسیان دیاریکراوە“. ئەوەشی دووپات كردەوە كە ”لە كاتێكدا بە توندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە تایبەت لە کەرکووک دەکەین، دووپاتیشی دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قەبووڵ ناکات، بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێک کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نین، ئەمە جیا لە داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان و داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جارێکی دیکە بەخشینی بەو کەسانەی کە 35 ساڵ لەژێر سایەی ڕژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیر کردبوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەش، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە سەردانی بەغدا بکات“. لەمبارەیەوە د. په‌روێز ره‌حیم، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”پەیامەكەی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زۆر گرنگ بوو، ئەوەی ئێستا لەو ناوچانە دەگوزەرێ دووباره‌كردنه‌وه‌ی مێژووه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار، له‌ كاتێكدا بە بەرچاوی وڵاتان ئه‌مه‌ ده‌كرێت“. ڕوونیشی كردەوە كە هەرچەندە عێراق ”لەوپەڕی لاوازی و پەرتەوازەیی دایە، بەڵام بەهۆی دەرفەتوەرگرتن لەو دۆخەی كە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە دروست بووە، پرۆسەی تەعریب بەڕێوە دەچێت“. ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختی كردەوە كە ئەو پرۆسەیەی حكوومەتی عێراق و بەتایبەتیش ئیدارەی كەركووك لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە كوردستانییەكان گرتوویەتیە بەر، نایاسایی و بگرە تاوانیشە، لە كاتێكدا ”بەپێی دەستووری عێراق، دەبوایە کوردانی ئەو ناوچانە قه‌ره‌بوو بكرانایەتەوە، كه‌چی هێشتا هەوڵی دەركردنیان لە زێدی باوك و باپیرانیان دەدرێت، بۆیه‌ هیوادارم ئه‌م په‌یامه‌ی  سەرۆکوەزیران ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ باشتربوونی دۆخی ئەو ناوچانە”. دووپاتیشی كردەوە كە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەریی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی تەعریبی نوێ دەبێت، بۆیە هیوای خواست، ئەو شاندەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە بۆ ئەم مەبەستە بچێتە بەغدا، هاوشێوەی پرسی بودجە و وزە، پرسی ناوچە كوردستانییەكان بكاتە یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆكانی و بەهیچ شێوەیەكیش سازشی لەسەر نەكات. گوتیشی: ”بەو پەیامە ئەوە دەركەوت كە جووتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان تەنیا و بێ پشتیوان نین، بەڵكوو سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرامۆشی نەكردوون و پشتیوانی لە مافەكانیان دەكات“.