میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە شەوی ڕابردوودا کارگەری بەرهەمهێنانی نەستەلە (بەستەنی)ی میهەن لە باشووری تاران و لە شاری ئیسلامشەهر ئاگری گرتووە. سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەو ڕووداوە کاتژمێر شەشی ئێوارەی دوێنێ ڕووی داوە و بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاو بوونەتەوە، کۆگاکانی ئەو کارگەیە لەسەر ڕێگەی “شوورئاباد” لە باشووری ئیسلامشەهر ئاگریان گرتووە و زیانێکی فراوان بە کارگەکە گەیشتووە. باس لەوە دەکرێت ئەو ئاگرکەوتنەوەیە هێندە فراوان و گەورە بووە، ١٠ تیمی فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئامادە بوون و دەگوترێت لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا تەقینەوەیەکی گەورەش ڕووی داوە، بەڵام لەمبارەوە وردەکاریی زیاتر بڵاو نەکراوەتەوە. بەپێی زانیاریی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لەو ڕووداوە هیچ کەسێک زیانی گیانیی پێ نەگەیشتووە. باشووری تاران و دەوروبەری شاری ئیسلام شەهر و جادەی نێوان کەرەج تاران گەورەترین ناوەندی پیشەسازییە و زۆربەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی تێدایە.
لە باشووری تاران ئاگرێکی گەورە کەوتەوە
