سعوودیە: هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێ چالاکییە ئەتۆمییەکەی ڕابگریت

حکوومەتی سعوودیە ڕای گەیاندووە، هەرچەشنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکرێت، دەبێ ببێتە هۆی پێشگیری لە پەردەوان بە چەک و چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە کە ناوچەکەی تووشی مەترسی کردووە. لەمبارەوە ماڵپەڕی فەرمیی سعوودیە (واس) بڵاوی کردووەتەوە کە حکوومەتی ئەو وڵاتە لە کۆتایی کۆبوونەوەی نوێی کابینەکەیدا بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە: “هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەبێ لەڕاستای گۆڕینی هەڵسوکەوت و سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە پشتیوانیی ئەو وڵاتە لە تیرۆریزم و هەوڵە تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوچەکە بێت”. ئەم هەڵوێستەی سعوودیە لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاشکرای کردووە، پاش ئەوەی بۆ جاری دووەم ببمەوە بە سەرکۆماری ئەمریکا، هەوڵی ڕێککەوتنێکی بەهێزتر لەگەڵ ئیران دەدەم. ئێران و شەش وڵاتی گەورەی جیهانی (ئەمریکا، ڕووسیا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) پێنج ساڵ پێش (٢٠١٥) لە ڤییەنا ڕێککەوتنی ئەوتۆمی ناسراو بە (بەرجام)یان واژۆ کرد و تا ڕادەیەک گەیشتنە ئەنجامێک بۆ چارەسەکردنی کێشەی بەرنامەی ناوکیی ئێران، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئێران بەشێک لە چالاکییە ناوکییەکانی کەم کردەوە و لە بەرانبەردا گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵگیران. بەڵام دۆناڵد ترەمپ پاش هاتنە سەر کار بڕیاری کشانەوەی ئەمریکای لەو ڕێککەوتنە دا و لێی هاتە دەرەوە و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەمریا هەموو هەوڵەکانی خۆی خستووەتەوە گەڕ هەتا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گەمارۆ ڕاگیراوە نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران کە کە کۆتایی مانگی یەکەمی پاییز کۆتاییان پێ دێت، دیسان وەگەڕ بخرێنەوە. پاش ئەوەی بەشێکی زۆر لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگیان بە درێژکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران نەدا، ئێستا ئەمریکا تاکلایەنە ئەو گەمارۆیانەی وەگەڕ خستووەتەوە. دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکا بەردەوام ڕای گەیاندووە کە ڕێککەوتنی پێشوو، لاواز بووە و لە بەرژەوەندیی ئێراندا بووە و ئەگەر دیسان ببمەوە بە سەرکۆماری ئەمریکا، لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنێکی دیکە واژۆ دەکەین.