بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر رایگەیاند چەند پڕۆژەیەکى کارەبا لە سنورى ناوچەى بەڕانەتى و زرارەتى ئەنجام دەدرێن، کەبەهۆیانەوە کێشەى بارزۆرى سەر وێستگەکان و هێڵەکانى کارەبا کەمدەبێتەوە و کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباش زیاد دەبێ. ئەندازیار حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: ” ماوەى چەند ساڵێکە گرفتى کەمى ڤۆڵتیە و بار زۆرى سەر وێستگەکان و هێڵەکانى گواستنەوەى کارەبا، کێشەى بۆ دانیشتووانى دەڤەرى بەڕانەتى و زرارەتى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دروستکردووە، بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە چەند پڕۆژەیەکى کارەبا لەو سنوورانە ئەنجام دەدرێن”. راشیگەیاند: “وێستگەى مۆبایلى دارەشەکران یەکێکە لەو پڕۆژانەى کە بڕیارە لەسەرەتاى مانگى 12ى وێستگەکە بگاتە شوێنى خۆى و دەست بەکار بکات، لەگەڵ دەرهێنانى هێلەکان لەو وێستگەیە کە تێچووەکەى 700 ملیۆن دینارە، بە گوژمەى 500 ملیۆن دینار پڕۆژەیەکى دیکە جێبەجێ دەکرێت، ئەویش راکێشانى سێ فیدەرى کارەبایە لە وێستگەى گردجووتیارەوە بۆ ناحیەى بەحرکە”. ئاماژەى بەئەوەش کرد” بەجێەبەجێکردنى ئەو پڕۆژانە، لەلایەک کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى بە هاووڵاتیان زیاتر دەبێ، لەلایەکى دیکەشەوە کێشەى کەمى و بێهێزى ڤۆڵتیە و بار زۆرى سەر وێستگەکان و هێڵەکانى گواستنەوەى کارەبا کەم دەبێتەوە”.