هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە هەڵوێستێکی هاوئاهەنگداوەکدا وەک ناڕەزاییەک بەرانبەر بە دەستگیرکردنی هاووڵاتینی ئێرانی و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی، باڵوێزەکانی ئێرانیان لە لەندەن، بەرلین و پاریس بانگهێشت کردووە. ڕۆژنامەی (گاردیەن) دوێنێ چوارشەممە لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە حەمید بەعیدینژاد باڵوێزی ئێران لە لەندەن بانگ کراوەتەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، هاوکات بەهرام قاسمی، باڵوێزی ئێران لە پاریس و مەحموود فەرازەندە باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە بەرلین لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیاوە بانگهێشت کراون و لە بەرانبەر دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی مەدەنیی ئێران و هەڵسوکەوتی ناو زیندانەکانی ئێران نیگەرانییان دەربڕیوە. لە ڕاپۆرتەکەی گاردیەندا هاتووە، ئەو هەڵوێستە یەکەم هەنگاوی هاوئاهەنگی سێ وڵاتی ئەورووپییە لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کەلە ئاستی میدیای وڵاتانی ئەورووپی و ئێرانیدا دەنگدانەوەی هەبووە. هاوکات لەبارەی گەڕاندنەوە و دەستگیرکردنی نازەنین زاغری یەکێکی دیکە لە ژنە بەندکراوە سیاسییەکانی ئێران، دۆمینیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، نیگەرانیی دەربڕیوە. لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لەسێدارەدانی نەوید ئەفکاری، وەرزشوانی ناسراو و ئەندامی پیشووی هەڵبژاردەی زۆرانبازیی ئێران، هەروەها هەڵسوکەتی نابەجێ لەگەڵ نەسرین ستوودە، ژنە بەندکراوی سیاسی و کوژرانی گەنجێکی دیکە لە گرتنگەی “کەهریزەک”ی تاران بوونەتە ڕۆژڤ و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین هەواڵ و ڕاپۆرتیان لەمبارەوە بڵاو کردووەتەوە. هەتا ئێستا کۆمیتەی مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران بە دەیان ڕاگەیاندراویان لەبارەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بڵاو کردووەتەوە، بەڵام ئێران ئەو کارانە بە دەستیوەردان لە پرسی ناوخۆیی لە قەڵەم دەدات و تەنانەت چەندین ساڵە ڕێگە نادات نوێنەری تایبەت بە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون سەردانی ئێران بکات.
سێ وڵاتی ئەورووپی لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران دەکۆڵنەوە
