ئەمڕۆ هەینی لە شاری پاریس و لە نزیک نووسینگەی گۆڤاری ( شارلی ئێبدۆ) بە چەقۆ هێرش کراوەتە سەر چوار کەس و برینداریان کراون و دۆخی دوو کەسیان ناجێگیرە. ئاژانسی (فەڕەنسا) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە ڕووداوەکە لە شاری پاریس و لە نزیک نووسینگەی گۆڤاری (شارلی ئیبدۆ) ڕووی داوە. سەرچاوەکانی پۆلیسی فەڕەنسا ئاشکرایان کردووە، هێزە ئەمنییەکان ئێستا بەدوای دوو کەسدا دەگەڕێن کە گومانیان لێ دەکرێت ئەنجامدەری ئەو هێرشە بن. ئەم هێرشە دوای ئەو ڕووداوە هاتووە کە شارلی ئیبدو، گۆڤاری تەنزی فەڕەنسی کە ساڵی ٢٠١٥ لەبەر بڵاوکردنەوەی چەند کاریکاتێرێکی پێغەمبەری ئیسلام کەوتبووە بەر هێرشی توندڕەوەکان، دیسان ئەو کاریکاتۆرانەی ڕێکەوتی ١ی ٩ی ٢٠٢٠ بە مانشێتی (ناکرێ مێژوو بنووسرێتەوە، یان بکرێتەوە) چاپ و بڵاو کردەوە کە جارێکی دیکە لەلایەن توندڕەوەکان هەڕەشە لە بەریوەبەرانی گۆڤارەکە کرا. ڕۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەو کاریکاتێرانە، پرۆسی دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە دەستی پێ کرد و ئێستاش پرۆسەی دادگاییکردنەکە هەر بەردەوامە.