پارێزگاری شەرعیی كەركووك لە سێیەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە پرۆسەی ریفراندۆم زەرورەتێكی نەتەوەیی بوو بە ئاراستەی نیشاندانی خواستی گەلەكەمان بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. نەجمەدین كەریم پارێزگاری شەرعیی كەركووك لە سێیەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە “ئەمڕۆ سێ ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كە لە باشووری كوردستان و كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان لە 25/9/2017 ئەنجام درا، پرۆسەی گشتپرسی زەرورەتێكی نەتەوەیی بوو بە ئاراستەی نیشاندانی خواستی گەلەكەمان بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوكات هەنگاوێكی مێژوویی بوو بۆ رەتكردنەوەی ئەو غەدرە مێژووییەی كە زیاتر لە سەدەیەكە بەرامبەر گەلەكەمان كراوە”. نەجمەدین كەریم لەو پەیامەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە ئەو پرۆسەیە وەك فاكتەرێكی نەتەوەیی بۆ پرسی نەتەوەیی گەلەكەمان دەمێنێتەوە و دەكرێ هەنگاوەكانی داهاتوومانی لەسەر بنیاد بنێن لەبەردەم جیهاندا، هەر بۆیە لە یادی سێ ساڵەی ریفراندۆمدا سوپاسگوزاری خۆمان بۆ هەڵوێستی نیشتمانی و ئیرادەی بەرز و خۆراگری هاونیشتمانیان دەردەبڕین.