لە نۆ ساڵ شەڕدا 5.6 ملیۆن هاووڵاتیی سووری بۆ دەرەوە کۆچیان کردووە

بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڵاو كراوەتەوە، لە ماوەی نۆ ساڵی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا 5.6 هاووڵاتی لەو وڵاتە کۆچیان کردووە و 442 ملیار دۆلار زیانی ئابووریش بەو وڵاتە گەیشتووە. لەمبارەوە لیژنەی ئاسیای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (ئاسكوا) راپۆرتێكی لەژیر ناونیشانی (دۆخی سووریا لە نێوان ساڵانی 2011 تا 2020) بڵاو كردەوە كە تێیدا زانیاریی وردی لەبارەی زیانە ئابوورییەکان باس كردووە كە بەر وڵاتەكە كەوتوون. لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە بەهۆی دۆخی خراپی سووریاوە 5.6 ملیۆن هاووڵاتی لە ئێستا پەنابەرن، 6.4 ملیۆن هاووڵاتیش لە ناوخۆی سوریا ئاوارەن و 6.5 ملیۆن هاووڵاتیش لە ناوخۆی ئەو وڵاتە خۆراكی پێویستیان پێ ناگات و 11.6 ملیۆن هاووڵاتی سووریس بێبەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان. هاوکات لە بەشێكی دیکەی راپۆرتەكەدا هاتووە كە 3 ملیۆن منداڵی سووری بەهۆی ئەو دۆخەوە لە قوتابخانە دابڕوان. راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش کردووە كە 442 ملیار دۆلار زیانی ئابووری بە وڵاتەكە كەوتووە  و پێش هەڵگیرسانی شەڕ ساڵانە سووریا بە بەهای 8 ملیار دۆلار كاڵای هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرد، بەڵام ئێستا تەنها 0.7 ملیار دۆلار كاڵا هەناردە دەكات.