سەرۆكی لیژنەی نیشتمانیی فەرەنسی لە سەندیكای پزیشكانی ئەو وڵاتە، ئاشكرای كرد كە شەپۆلی دووەمی پەتای كۆرۆنا زووتر لەوەی چاوەڕێیان دەكرد رووی تێ كردوون و هۆشداری بەرگەنەگرتنی كەرتی تەندروستیی وڵاتەی لە رووبەرووبونەوەی ئەو پەتایە دا. ئەمڕۆ یەكشەممە 27/9/2020، پاتریك بویت، سەرۆكی لیژنەی نیشتمانیی فەرەنسی لە سەندیكای پزیشكانی وڵاتەكەی، بۆ رۆژنامەی لۆ جۆرۆناڵ دو دیمانش” ئەوەی ئاشكرا كرد، كە شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا، خێراتر لەوەی چاوەڕێیان دەكرد رووی تێ كردوون. ئاماژەی بەوەش كرد، كە هۆشداری و ڕێوشوێنەكانی ئۆلیڤیە ڤێرانی وەزیری تەندروستی لەم هەفتەیەدا، بەس نەبووە بۆ رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا. هۆشداریی ئەوەشی دا، ئەگەر لە ماوەی نێوان سێ بۆ چوار هەفتەدا، هیچ شتێك لە رووبەرووبوونەوەی ئەو پەتایە نەگۆڕێ، لە ماوەی وەرزی پایز و زستاندا لە هەموو ناوچەكانی فەرەنسادا بە شێوەی فراوان ئەو پەتایە بڵاو دەبێتەوە. ئەو بەرپرسەی كەرتی تەندروستی، ئاماژەی بەوەش كرد، كە تیمی پزیشكیی پێویست بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و هاوكاریی بەردەست نییە و سیستمی تەندروستیی فەرەنسا ناتوانێ بۆ هەموو داواكارییەكان بەدەمەوەچوونی هەبێت. روونیشی كردەوە، كە كاركەرانی بواری تەندروستی، نەیانتوانی بەربەست لەبەردەم ئەو شەپۆلە لەناكاوە دروست بكەن و زۆربەیان لە باری شەكەتبوون و شۆكبووندان. ئەم لێدوانەی پاتریك بویت لە كاتێكدایە، لە فەرەنسا لە ماوەی 24 كاتژمێردا پتر لە 14 هەزار حاڵەتی تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا تۆمار كراون.