سوپای هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان یەکتر بە بۆردومانکردنی بەرامبەر تۆمەتبار دەکەن. ئەمڕۆ یەکشەممە 27-9-2020، نیکۆڵ باشنیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، ”دوژمن“ هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی قەرەباغ. هەروەها گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری قەرەباغ، کە وڵاتێکی دانپێدانەنراوە، رایگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشێکی ئازەربایجانی داوەتەوە و توانیویەتی دوو فڕۆکەی جەنگی و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئازەرەبایجانی بخاتە خوارەوە. لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەدا، وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاندووە، سوپای ئەرمینیا هێرشی کردووەتە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئازەربایجان و چەند هاووڵاتییەکی مەدەنیی ئازاربایجانی کوژراون و بریندار بوون. وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان هەروەها رایگەیاندووە، کە سوپای وڵاتەکەی تەنیا بەرگریی لە خۆی کردووە و توانیویەتی 12 سیستەمی مووشەکیی دژە فڕۆکەی ئەمینیا، تێک بشکێنێت. قەرەباغ کۆمارێکی باشووری قەوقازە و لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە دانی پێدا نەنراوە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئەرمەنین و هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجانیش قەرەباغ بە بەشێک لە خاکی خۆیان هەژماری دەکەن.
سوپای ئەرمینیا و ئازەربایجان یەکتر بۆردومان دەکەن
