سەرکۆماری فەرەنسا رەخنەی توند ئاراستەی سەرکردە لوبنانییەکان دەکات و هەلێکی دیکەیان پێدەدات. ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا رایگەیاندووە، پاشەکشەکردنی مستەفا ئەدیب لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی لوبنان دەخاتە ئەستۆی ئەو سیاسییانەی ”لوبنانیان بۆ بەژرەوەندیی کەسیی خۆیان بە بارمتە گرتووە“. ئیمانوێڵ ماکرۆن پێشهاتە نوێیەکان و پاشەکشەی مستەفا ئەدیب بە رێزنەگرتنی سەرکردە لوبنانییەکان لە بەڵێنەکانیان، کە بە فەرەنسایان دابوو، هەژمار کردووە و رایگەیاندووە، لایەنە لوبنانییەکان بە تایبەت میلیشیای حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل کار لەسەر بەهێزکردنی پێگەی خۆیان دەکەن نەوەک پێگەی وڵاتەکەیان. سەرۆکی فەرەنسا هەلێکی دیکەی چوار تا شەش هەفتەیی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێزی لوبنانی و چاکسازی بە سەرکردە لوبنانییەکان داوە و رایگەیاندووە، ”ئەو بارودۆخەی ئێستا لوبنان پێیدا تێدەپەڕێ، مەترسییە لەسەر لوبنان و ناوچەکە بە گشتی“. دوای تەقینەوەکەی بەیرووت، ئیمانوێڵ ماکرۆن سەردانی فەرەنسای کرد و ماوەی یەک مانگ مۆڵەتی بە سەرکردە لوبنانییەکان بۆ چاکسازی دا و رایگەیاند، ئەگەر چاکسازی لە لوبنان بکرێ، ئەوا فەرەنسا هاوکاریی ئەو وڵاتە دەکات. رۆژی شەممە 26-9-2020، مستەفا ئەدیب، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی لوبنان، دوای شەشەم کۆبوونەوەی لەگەڵ میشێل عۆن، سەرکۆماری وڵاتەکەی، داوای لێبوردنی کرد و کشانەوەی خۆی لە راسپاردنەکە، راگەیاند. مستەفا ئەدیب (لەدایکبووی 1972)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم کۆشکی سەرۆکایەتیی لوبنان (کۆشکی بەعبەدا)، رایگەیاند، کشانەوەکەی بەهۆی ئەوەیە، کوتلە و لایەنە سیاسییەکانی لوبنان مەرجی ئەویان قبوڵ نەکردووە. دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەعد حەریری لە مانگی 10ـی 2019، پەرلەمانی لوبنان لە مانگی 12ـی 2019 متمانەی بە حکوومەتی نوێی لوبنانی بە سەرۆکایەتیی حەسەن دیاب بەخشی و ئەو حکوومەتەش، دوای تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت، خۆی هەڵوەشاندەوە. دوای دەست لەکار کێشانەوەی حکوومەتی لوبنان، رۆژی 31-8-2020 مستەفا ئەدیب بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپێردرا. رۆژی 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 200 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداری لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس. تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان. لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛ – سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی – سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب – سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.