پیاوێك لە سووریا خۆی و سێ كچی دەكوژێ و هاوسەرەكەشی بریندار دەكات

  تاوانی کوشتنێکی ترسناک لە شاری تەڕتووس لە سووریا دەنگی دایەوە، دوای ئەوەی پیاوێک هاوسەرەکەی و سێ کچەکەی دەداتە بەر دەستڕێژ، ئینجا خۆیشی دەکوژێ. بەگوێرەی رۆژنامەی (وەتەن)ی نیمچە فەرمیی سووری، رووداوەکە رۆژی هەینیی رابردوو لە شاری تەڕتووس روویداوە، کە کەسێک، پیشەی مامۆستای بیرکارییە، دەستڕێژی لە هاوسەرەکەی و سێ کچەکەی كردووە، پاشان تەقەی لە خۆیشی كردووە، تەنیا هاوسەرەكەی لە مردن ڕزگاری بووە و سەرجەم ئەوانیتر بە خۆیشیەوە گیانیان لەدەست داوە. بکوژەکە بەر لەوەی دەستڕێژ لە ئەندامانی خێزانەکەی بکات و خۆیشی بکوژێت، لەسەر پەڕەی خۆی لە (فەیسبووک) نووسیویەتی: “کاتێ ئەم پۆستەم دەبینن، خۆم کوشتووە و کچەکانیشم کوشتوون، ئەمەش بەهۆی هەڕەشەکانی (أ. ع)، کە لە تەڕتووس دادەنیشێ، سەبارەت بە کوشتنی من و کچەکانم و سووتاندنمان، وەک ئەوەی لەم تۆمارە دەنگییە لەسەر ئامێری (تاب)ەکەم تۆمار کراوە کە تۆماری ئەمڕۆیە، لەگەڵ زانیاریی زیاتر، کە تەواوی هۆکارەکە روون دەکەنەوە، کە ئەو و ئەوەی لەپشتیەوەیەتی، دەتوانن ئەوە بکەن”. رۆژنامەکە لە زاری د. ئەسکەندەر عەماڕ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی (ئەلباسل) لە تەڕتووس گواستوویەتییەوە، دایکەکە گوللەیەکی بە قاچ کەوتووە و بریندارە و ئێستا نەشتەرگەری بۆ دەکرێ و مەترسیی لەسەر گیانی نییە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی هێزە ئەمنییەكانی سەر بە ڕژێمی سووریا لە تەڕتووس، ئافرەتەکە ناوی (کیفاح محەمەد عەلی)یە، دەرکەوتووە پیاوەکە بە چەک دەستڕێژی لە هەر سێ کچەکەی (شەیما- تەمەن 22 ساڵ، قوتابیی زانکۆ، خەزامە- تەمەن 20 ساڵ، قوتابیی پەیمانگای پیشەسازی، شادن- تەمەن 17 ساڵ، قوتابیی دواناوەندی) کردووە، ئینجا تەقەی لە خۆیشی کردووە. کاتێک دەزگا پەیوەندادرەکان گەیشتوونەتە ماڵەکە، گیانیان لەدەست داوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکارەکە بۆ بوونی کێشەی مادی لەگەڵ کەسێک بە ناوی (ئەحمەد .ع) و کەسێکی تر بە ناوی (بنیامین . ك) دەگەڕێتەوە و هەڕەشەیان لێ کردووە. لایەنی پەیوەندیدار هەردوو کەسەکەی دەستگیر کردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، دواتر دەدرێنە دادگایەکی تایبەت.