چواریەكی منداڵانی رۆژئاوای كوردستان 9 مانگە تامی میوەیان نەكردووە ڕێكخراوی هاوكاریی نێودەوڵەتی، هۆشداریی ئەوەی دا، كە 700 هەزار منداڵی سووری لە ژێر هەڕەشەی برسێتیدان، ئەوەش لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و داڕمانی ڕەوشی ئابووریی ئەو وڵاتە، كە ساڵانێكە گیرۆدەی شەڕ بووە. ئەمڕۆ سێشەممە 29/9/2020، ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس بڵاوی كردەوە، كە ڕێكخراوی “منداڵان ڕزگار بكەن”، ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە ئامارە تازەكان ئەوە دەردەخەن، ڕێژەی ئەو منداڵانەی بە دەست نەبوونی ئاسایشی خۆراكەوە دەناڵێنن لە سەرتاسەری وڵات لە شەش مانگی رابردوودا بۆ 4.6 ملیۆن زیادی كردووە. لە چەند مانگی رابردوودا، لیرەی سووری دابەزینی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، ئەمەش وای كردووە زۆربەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە سەختی ببینن لە كڕینی خۆراك و پێویستییەكانیان، پەتای كۆرۆناش بارەكەی بۆ سەختتر كردوون. ڕێكخراوەكە، ئاماژەی بەوە كردووە، كە 65%ـی منداڵانی سووریا، نەیانتوانیوە لە سێ مانگی رابردوودا هیچ میوەیەكی مۆز و سێو و پرتەقاڵ بخۆن. بە پێی داتاكانی ئەو ڕێكخراوە، نزیكەی چواریەكی منداڵانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای كوردستان)، بە لای كەمەوە نۆ مانگە ئەو جۆرە میوانەیان نەخواردووە.
بەشێكی زۆری منداڵانی سووریا تامی میوەكانیان لە بیر چووەتەوە
