100 هەزار کارمەندی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئەمەریکا بێ کار دەبن

بە هۆی پەتای كۆرۆناوە كۆمپانیا فرۆكەوانییەكانی ئەمەریكا تووشی گەورەترین زیانی ئابووری بوونەتەوە ، بە پێی ئامارە فەرمییەكان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكەوە تاوەكو ئێستا 100 هەزار كارمەند ڕەوانەی ماڵەوە كراوەنەتەوە و بێ کار بوونە. ماڵپەری ئەلحورە راپۆرتێكی لەمبارەیەوە بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی “كۆمپانیا فرۆكەوانییە ئەمەریكییەكان تووشی خراپترین زیانی دارایی بوونەتەوە ، دوای ساڵی 2001 ئەمە یەكەمین جارە كۆمپانیایە فرۆكەوانییە ئەمەریكییەكان بەو قۆناغە سەختە تێپەڕن”. كۆنگرێسی ئەمەریكا سەبارەت بە خراپی دۆخی كۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان، بە نیازە پلانێكی نوێ دابڕێژێت و مووچەی بەشێك لە كارمەندەکان بدات. بە پێی شیكارێكی ماڵپەرەکە، یەكێك لەو وڵاتانەی كە زۆرترین زیانی بە هۆی كۆرۆناوە پێكەوتووە ئەمەریكایە ، چونكە تاوەكو ئێستا 7 ملیۆن کەس لەو وڵاتە تووشی ئەو پەتایە هاتوون و 200 هەزار كەسیش مردوون ، نزیكەی 1800 هێلی ئاسمانیش ئێستا وەستاون.