هەولێر و بەغدا سەبارەت بە میکانیزمی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان گفتوگۆ دەکەن

بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتانەى کە هەن بڕیارە لەگەڵ بەغدا لەسەر دۆزینەوەى میکانیزمێکى گونجاوى نوێ بۆ بەڕێوەبردنى دەروازە سنوورییەکانى هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەن. ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگ لە وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بە ئامانجى دۆزینەوەى چارەسەریێکى گونجاو بۆ ئەو گرفتانەى هەن لە نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانى حکوومەتى ناوەند و دەستەى سەرپەرشتى دەروازە سنوورییەکان کۆببینەوە، بۆ دۆزینەوەى میکانیزمێکى گونجاوى نوێ بۆ بەڕێوەبردنى دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان”. روونیشیکردەوە: “لە چوارچێوەى یاساى کارگێڕیی دارایى عێراق ژمارە 6ى ساڵى 2019 بەغدا مەبەستییەتى 50%ى داهاتى دەروازە سنوورییەکانى هەرێم بگەڕێتەوە بۆ حکوومەتى ناوەند، حکوومەتى هەرێمیش ئەمەى قبوڵ کردووە بە مەرجێک سەرجەم پاکێجەکانى رێککەوتنەکە بەیەکەوە پەسەند بکرێن”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” بابەتەکانى میکانیزمى بەڕێوەبردن و شێوازى ئەو پەیوەندییانەى لە نێوان هەردوولادا دەبێت، لەگەڵ شێوازى چاودێریرکردنى دەروازە سنوورییەکان، بابەتى سەرەکى گفتوگۆکانى نێوان هەردوولا دەبێ بۆ ئەوەى رێککەوتنێکى جێگیر بکرێت و ئەو کێشانەى هەن چارەسەر بکرێن”.