ژنە کارمەندێکی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە کیێف پایتەختی ئۆکرانیا لە ئەنجامی هێرشی کەسێکی نەناسراو کوژراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک هەواڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و باسی لەوەش کردووە پۆلیسی ئۆکرانیا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە بۆ دەستگیرکردنی بکوژەکە. بەپێی هەمان سەرچاوە تەرمی ئەو ژنە کارمەندە لە نزیک وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە ناوچەیەکی لێڕەوار لەلایەن کەسێکەوە دۆزراوەتەوە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە. پۆلیسی ئۆکرانیا ئاشکرای کردووە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو دۆسیەیە کراوەتەوە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونن و لە لێکۆلێنەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو ژنە کارمەندە لە سەری دراوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە هێرشبەرەکە ئەویش کارمەندی باڵوێزخانەیە و پیاوێکە کە تەمەنی لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ دایە، بەڵام ئاماژەی بە وردەکاریی زیاتر نەکراوە.